تاوانی پەنادانی حەبسکراوان و دەستگیرکراوان
لە یاسای سزاکانی عێراقیدا پەنادانی دەستگیرکراو و حەبسکراوان بە تاوان دادەندرێت و سزاش بۆ ئەو کەسانە داندراوە کە بەندکراوێک دوای راکردن داڵدە دەدەن.
لە ماددەی ٢٧٣ی یاسای سزاکانی عێراقیدا لە بڕگەی یەکەم دەلێت: هەر کەسێک بەخۆی یان بە رێگەی یەکێکی تر کەسێکی شاردبێتەوە کە دوای دەستگیرکردن رایکردووە یان فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچووە یان تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانێکی گەورە یان کەتنێک یان بڕیاری لەسەر دراوە یان پەنای دابێت و ئاگاداری ئەوەش بێت، سزا دەدرێت بە:
بە بەندکردن کە لە ماوەی حەوت ساڵ زیاتر نەبێت ئەگەر کەسێکی شاردبێتەوە یان پەنای دابێت کە بڕیاری لەسێدارەدان یان بەندکردنی تاهەتایی یان کاتی لەسەر دراوە یان تۆمەتبارە بە تاوانێک کە سزاکەی لەسێدارەدانە.
لە حاڵەتەکانی تر بە حەبسکردن و بژاردن یان بە یەکێک لەو دوو سزایە.
واتە، دەبێت کەسێک خودی خۆی یان لە رێگەی کەسیكی تر تاوانبار یان تۆمەتبارێکی شاردبێتەوە، زانیاریشی هەبێت کە ئەو کەسە تۆمەتبارە یان فەرمانی گرتنی هەیە یان رایکردووە. ئەگەر ئەو دوو روکنە هاتنەدی، کەسەکە تاوانێکی ئەمجامداوە.
لە خالی دووەمی هەمان ماددە ئاماژە بەوە دەکات "لە هیچ حاڵەتێک نابێت سزاکە لە زیاترین ئاستی سزای بڕیاردراو بۆ خودی تاوانەکە زیاتر بێت.
واتە سزای ئەو کەسە نابێت زیاتر بێت لەسزای ئەو تۆمەتبار یان تاوانبارەی رایکردووە.
لە خاڵی سێیەمیش دەقی کردووە لەسەر ئەوەی" بریاری ئەو ماددەیە لەسەر باوان یان نەوەکانی و خێزانی یان خوشکی یان برای کەسی هەڵاتوو جێبەجێ ناکرێت".
ئەوەش وەک رێزگرتن لەو پلە خزمایەتییەی کە تۆمەتبار لەگەل باوان یان نەوەکان یان خوشک و برایانی هەیەتی لە پێناو پاراستنی حورمەتی پەیوەندییەکە و سیلەی رەحمی نێوانیان.
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پارێزەر غازی یعقوب ھەرکی