١- بەرتیل (الرشوة )لەروویی یاساییەوە :
لەیاسایی سزاکانی عێراقیدا لەمادەکانی ٣٠٧ تا ٣١٤ باسی بەرتیلی کردووە.
بەرتیل بريتيه له بازرگانیکردن به کارەكانى فەرمانبەرێتی یان ڕاژە-خزمەت و بەو شێوەیە پێناسە دەکرێت کە بریتییە لە ڕێککەوتن لە نێوان کەسێک و فەرمانبەر یان یەکێکی هاوشێوەی فەرمانبەر لەسەر بەخششێک یان سودێک لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی کارێک یان وازهێنان لە کارێک لە چوارچێوەی ئەرک یان فەرمانبەرێتی بەرتیل خۆرەکەدابێت.
یاسا بە پێویستی داناوە کە بەرتیل وەرگرەکە دەبێت فەرمانبەر بێت یاخودخزمەتێکی گشتی پێ سپێدرابێت بەڵام بە مەرج وەرنەگیراوە کە لایەنی بەرتیل دەرەکە یان ئەو لایەنەی کە بەرتیل دەر و بەرتیل وەرگر دەگەیەنێت بەیەک (وسط) نێوەندگیر، فەرمانبەر بێت یان خزمەتێکی گشتی پێ سپێدرابێت .
لەمادەیی ٣٠٧ دا دەڵێت: هەر فەرمانبەرێك يان هەر کەسێک کە خزمەتی گشتی پێ سپێدرابێت ئەگەر داوای دیارییەکی کرد یان ڕازیبوو دیارییەک یاخود دەسکەوتێک وەربگرن یان بەڵێنی شتێکی پێبدرێت جا بۆ خۆی بێت یان بۆ کەسێکی تر بۆ ئەوەی کارێک بکات لە کارەکانی فەرمانبەریەتییەکەی یان کارێک نەکات یان ئەرکەکانی فەرمانبەریەتییەکەی پێشیلبکات ئەوا سزا دەدرێت بەمانە:
-به زیندانیکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت له ١٠ ساڵ
- یان به بەندکردن و پێبژاردن که کەمتر نەبێت لەوەی داوای کردووه یان پێیدراوە یان بەڵێنی پێدراوە، وە لە هیچ بارێکدا نابێت زیاتر بێت لە ٧٥٠٠٠دینار.
سزاکەی دەبێت به زیندانیکردن بۆماوەیەک زیاتر نەبێت له ٧ ساڵ یان بەندکردن ئەگەر داواکردنی دیاریەکەیان ڕازیبوون بە وەرگرتنی دوای جێبەجێکردنی.
لەمادەیی ٣٠٨ دا دەڵێت: هەر فەرمانبەرێک یان کەسێک کە خزمەتی گشتی پێسپێدراوە ئەگەر داوای دیارییەک یان دەستکەوتێکی کردبێت یان وەرگرتبێت یان بەڵێنی پێدانی شتێک لەوەی پێدرابێت جا بۆ خۆی بێت یان بۆ کەسێکی تر لە بەرامبەر کردنی یان نەکردنی کارێک لە چوارچێوەی ئەرکەکانیفەرمانبەریەتییەکەی نەبێت بەڵام وای دانابێت کاری ئەوە یان بە هەڵە بڕوای وابێت، ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە ٧ ساڵ یان بە بەندکردن و پێبژاردن کە لە هەموو بارێکدا زیاتر نەبێت لە ٢٢٥٠٠٠دینار .
ماددەی ۳۱۱ دەڵێت: بەرتیل دار یان نێوەندگیر دەبەخشرێن له سزادان ئەگەر دەستپێشخەری کردبێت بۆ ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتە دادوەرییەکان یان کارگێڕییەکان بەو تاوانە کە کراوە یان دانی نابێت بە تاوانەکەیدا پێش ئەوەی داواکە بگاتە دادگا. خۆ ئەگەر ئاگادارکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانە یان دانپێدانانەکە دوای گەیشتنی داواکە بێت بە دادگا و پێش کۆتایی هاتنی دادگاییکردنەکە بێت لەو تاوانە ئەوا ئەو ئاگادارکردنەوە یان دانپێدانانە بە پاساوێکی سوککردنی سزاکە دادەنرێت.
٢- بەرتیل لە ئیسلامدا بە پێدانی پارە یان هەرشتێکی تر کە قیمەتی هەبێت لەلایەن کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بۆ مافی هەڵە پێناسە دەکرێت، یاخود ڕوونتر بڵێین پێدانی پارەیە یان هەر شتێکی تر کە قیمەتی هەبێت لەلایەن کەسێکەوە بۆ کەسێکی بۆ بەدەستهێنانی مافێک کە مافەکە هی خۆی نیە و ئەتەوێت لە ڕێی پێدانی بەرتیلەوە ئەو مافە بە دەستبهێنیت هەروەها شەریعەتی ئیسلام تاوانی بەرتیلدانی قەدەغەکردووە چ لەلایەن بەرپرسێکی حکومی یان ناحکومییەوە ئەنجامبدرێت چ گشتی بێت یان تایبەتی. بەرتیل جۆرێکە لە گەندەڵی،
قال تعالى:﴿وَلَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ وَتُدْلُوا بِهَا إِلَى
الْحُكَّامِ لِتَأْكُلُوا فَرِيقًا مِنْ أَمْوَالِ النَّاسِ بِالْإِثْمِ وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ﴾ واتە: " نەکەن ماڵو دارایی یەکتر لەنێوانتاندا بە نا هەق بخۆن ( وەک بەرتیل و سوو، یان داگیرکردن و فڕوفێڵ...) نەکەن هەندێکی بدەن بە کاربەدەستان بۆ ئەوەی هەندێک ماڵی خەڵکگ بخۆن لە ڕێگەی ناهەق و گوناهەوە، لە کاتێکدا خۆشتان دەزانن کە ئەو کارە ڕەوا نییە. " البقرة، آیة ١٨٨
وعَنْ عَبْدِ اللهِ بْنِ عَمْرٍو رضي الله عنهما قَالَ: "لَعَنَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى
اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ الرَّاشِي وَالْمُرْتَشِي" أخرجه أحمد وأبو داود
والترمذي وقال: حسن صحيح.
پێغەمبەری خودا صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەعنەتی کردووە لەوەی بەرتیل ئەدا و بەرتیل وەردەگرێت.
جا ئەوەی خۆیی بە ئیماندارێکی راستەقینە بزانێ ئەوا نە بەرتیل ئەدات نە وەریشی ئەگرێت وە نە نێوەندگیریش ئەکات بۆ بەرتیل بەڵام ئەوەی گوێ بە قسەی خودا پێغەمبەرەکەیی صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نەدات و مل هوڕی بکات ئەوا یاسا ئەیوەستێنێت و سزایەکی توندی دەدات جگە لەوەی لە قیامەتیش تاوانبارە.
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پارێزەر عبداللە مسعود أمین