بریتییە لە هاوسەرگیرییەک بە تایبەت لە کچان دا کە پێش تەمەنی یاسایی ئەنجام دەدرێت لە خوار ١٨ ساڵی و بگرە زۆرجار لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵی ئەنجام دەدرێت لە دەرەوەی یاسا و دادگاکان و ڕێوشوێنە پێویستەکان.
هۆکاری ئەم هاوسەرگیرییە چییە ؟
١. بوونی پەیوەندی خۆشەویستی کوڕەکەی هەڵبژاردووە و گوێ لە دایک و باوکی ناگرێت و پێی وایە خۆشی سەرەتای زەواج و ئاهەنگ و ڕەسم گرتن و کەمەلیاتەکانی بەردەوام دەبێت کە دواتر دوای ماوەیەکی کەم دەکەوێتە ناو کێشەوە و بەهۆی کەمی تەمەن و بێ تەجروبەی ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە و جیابوونەوەی لێدەکەوێتەوە.
٢. یان خراپی باری ئابوری ماڵی باوان و زۆری منداڵ لە خێزانەکەدا پاڵنەرە بۆ بەزوویی بە شوودانی کچان.
٣. نەخوێندەواری و دواکەوتوویی و کەمی هۆشیاری لەسەر پڕۆسەکە.
-تەمەنی هاوسەرگیری لە ڕووی شەرعییەوە :
نامەوێت زۆر بچمە ناو بابەتی شەرعییەوە بەڵام بە پێی شەریعەتی ئیسلامی چ کچ چ کوڕ لە دوای باڵغبوونەوە دەتوانن هاوسەرگیری بکەن بە ڕەزامەندی ولی یەکانیان.
-لە ڕووی یاساییەوە :
بە پێی یاسای باری کەسێتی عێراقی هەموارکراو کە لە هەرێمی کوردستانیش بەرکارە تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچ و کوڕ ١٨ ساڵی دیاریکراوە و لەو تەمەنەدا کچ دەتوانێت سەربەخۆ بڕیار بدات و هاوسەرگیری بکات بێ ئەوەی پێویست بە ڕەزامەندی باوکی بکات و لەو تەمەنەدا گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ دەکرێت بە پشتگیری پشکنینی خوێن و ڕەگەزنامە و باری شارستانی هەردوولا.
▫️ئایا هاوسەرگیری خوار 18 ساڵ ڕێپێدراوە ؟
بەڵام هەمان یاسا ڕێگەی داوە بە هاوسەرگیری خوار ١٨ ساڵ کە پێویستە کچ ١٦ ساڵی تەواو کردبێت و (باوکی بچێتە دادگا و ڕەزامەندی بدات بۆ شووکردنی کچەکەی و جگە لە پشکنینی خوێن دادگا دەینێرێت بۆ پشکنین لە لیژنەی پزیشکی بۆ دڵنیابوون لە شیاوی جەستەیی و دەروونی و کچەکە ئایا توانای هاوسەرگیری و توانای منداڵبوونی هەیە و شیاوە)، لە دەرەوەی ئەو مەرجانە دادگا گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە قبووڵ ناکات و موافەقە ناکات. کە ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای عێراقی و هەرێمی کوردستان ئەمە جێی کراوەتەوە و یاسادانەر زانیویەتی ئەو حاڵەتانە واردە.
هەندێک حاڵەتی تریش هەیە دادگا لەبەر ئەمری واقع و ناچاری هاوسەرگیرییەکە دەکات کە پێویست ناکات لێرە باسی بکەین بۆ ئەوەی کەس پەنای بۆ نەبات.
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پارێزەر شاڵاو ابوبکر علی