ئەو حاڵەتانەی کە تەنها ژن بۆی هەیە داوای جیابوونەوە لە مێردەکەی بکات

2022-07-23 15:23:17


‎بەپێی بڕگەی (۱) لە ماددەی (٤۳) لەیاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە (١٨٨) ساڵی (١٩٥٩)ی هەموارکراو، ژن بۆی هەیە داوای جیابوونەوە بکات لە کاتی بوونی یەکێک لەم هۆکارانەی خوارەوە : 

 

‎١- ئەگەر مێردەکەی حوکم بدرێت بە سزایەک کە ئازادی کۆتبکات بۆ ماوەی ( ٣ ساڵ و زیاتر ) دوای بەسەربردنی ساڵێک لە جێبەجێکردنی سزاکە، هەرچەندە مێردەکە دەرامەتێکی وای هەبێت کە بتوانێت خەرجی ژنەکەی بدات.

 

‎٢- ئەگەر مێرد ژنەکەی بۆ ماوەی ( ساڵێک و زیاتر ) بەبێ پاساوی ڕەوا ( عذر مشروع ) بەجێهێشت، هەرچەندە مێردەکە شوێنی نیشتەجێبوونی دیار و ئاشکرا بێت و دەرامەتێکی وای هەبێت کە بتوانێت خەرجی ژنەکەی بدات.

 

‎٣- ئەگەر مێرد لە ڕۆژی گرێبەستی هاوسەرگیریەکەوە تا ماوەی ( ٢ ساڵ ) داوای گواستنەوەی ژنەکەی نەکات، وە ئەگەر مێردەکە مافەکانی هاوسەرێتی بەجێنەهێنابێت ( وەک مارەیی و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کەلوپەل و پێداویستییەکانی ماڵ و ... هتد ) ئەوا ئەگەر داوای گواستنەوەی ژنەکەی بکات داواکەی بەهەند وەرناگیرێت و گوێی لێناگیرێت.

 

‎٤- ئەگەر دەرکەوت مێردەکەی بەستراوە ( واتە پیاوەتی لەدەستدابێت بە هەر هۆکارێک بێت ) یان گرفتاربووە بە نەخۆشییەک جا جەستەیی بێت یان دەروونی کە نەتوانێت ئەرکی ژن و مێردایەتی لەگەڵیدا بەجێبهێنێت، یان دوای گواستنەوەی ژنەکەی تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت و بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەیەکی پزیشکی ڕەسمی پسپۆڕ و تایبەتمەند بسەلمێندرێت کە نەخۆشییەکە هیوای چارەسەرکردنی نیە، بەڵام ئەگەر دادگا بۆی دەرکەوت کە هۆکاری نەخۆشییەکە دەروونیە ئەوا بۆ ماوەی ( ١ ساڵ ) جیابوونەوەکەیان دوادەخات بە مەرجێک ئافرەتەکە لە ماوەی ئەو ساڵەدا خۆی بداتە دەست پیاوەکەی ( واتە لە ماوەی ئەو ساڵەدا لەگەڵ مێرەدەکەی بژی ).

 

‎٥- ئەگەر مێردەکەی نەزۆک بێت یان دوای هاوسەرگیریەکە تووشی نەزۆکی بووبێت و ئافرەتەکە لە ماوەی ژیانیدا هیچ مناڵێکی لەو پیاوە نەبێت ( بەپێی ئەم دەقە فەرقی نییە نەزۆکیەکە پێش مارەبڕین بێت یان دوای مارەبڕین و گواستنەوە، بەڵام ئەگەر پاش گواستنەوە بێت ئەوا بە مەرج دانراوە کەوا ئەو ئافرەتە هیچ مناڵێکی لەو پیاوە نەبێت، کەواتە ئەگەر تەنها مناڵێکی لەو پیاوە هەبێت ئەوا بۆی نیە داوای جیابوونەوە بکات ).

 

‎٦- ئەگەر دوای ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریەکە ئافرەتەکە بۆی دەرکەوت کەوا مێردەکەی تووشی دەردێک یان نەخۆشییەک بووە کە ناتوانێت بەو دەردە بەبێ زیان لەگەڵیدا بژی ( وەک گەڕبوون یان بەڵەکی یان سیل یان زوهەری یان شێتی ) یان دوای ئەوەی تووشی دەردێک لەو دەردانە یان هاوشێوەی ئەو دەردانە بووە وە دادگا دوای پشکنینی پزیشکی بۆی دەرکەوت کەوا نەخۆشییەکە ئومێدی چاکبوونەوەی هەیە ئەوا جیابوونەوەکە دوادەخات تا کاتی نەمانی دەردەکە یان نەخۆشییەکە، وە ژنەکە بۆی هەیە بە درێژایی ماوەی دواخستنەکە لەگەڵ پیاوەکە سەرجێی نەکات، بەڵام ئەگەر دادگا بۆی دەرکەوت کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئومێدی چاکبوونەوە و نەمانی نەخۆشییەکە ناکرێت، وە مێردەکەشی ڕازی نەبوو تەڵاقی بدات و ئافرەتەکە سوور بوو لەسەر جیابوونەوە ئەوا حاکم بڕیار دەردەکات بە جیابوونەوەیان.

 

‎٧- ئەگەر مێردەکە بەبێ بوونی پاساوێکی ڕەوا و مەشروع ڕازی نەبێت خەرجی ژنەکەی ( النفقة الزوجیة ) بکێشێت، دوای ئەوەی ئەوپەڕی ماوەی ( ٦٠ ڕۆژ ) مۆڵەتی پێدەدرێت بۆ دابینکردنی بژێوی.

 

‎٨- ئەگەر هاتوو ئەستەم و مەحاڵ بێت خەرجی ژنەکە لە مێردەکە بسەندرێت بەهۆی ئامادەنەبوونی یان ونبوونی یان خۆشاردنەوەی یان حوکمدانی بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە ( ١ ساڵ ) زیاتر بێت.

 

‎٩- ئەگەر مێردەکە ئامادەنەبێت ئەو خەرجییە بدات کە لەسەری کەڵەکەبووە و دادگا بڕیاری لەسەر ئەو خەرجییە داوە بۆ ژنەکە، وە فەرمانگەی جێبەجێکردنیش مۆڵەتی ئەوپەڕی ( ٦٠ ڕۆژ )ی پێدابێت، بۆ نموونە ئەگەر پیاوێک بۆ ماوەیەک بژێوی بۆ ژنەکەی دابین نەکردبێت و هاوسەرەکەشی بۆ ئەو مەبەستە پەنای بۆ دادگا بردبێت و بڕیاری دابێت کەوا پیاوەکە خەرجی ئەو ماوەیە بکێشێت کە نەیداوە، وە ئافرەتەکەش ئەو بڕیارەی دادگا بباتە فەرمانگەی جێبەجێکردن ( دائرة التنفیذ ) بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکە و وەرگرتنی خەرجی ڕابردوو لە مێردەکەی و فەرمانگەی جێبەجێکردنیش بەلایەنی زۆر ( ٦٠ ڕۆژ ) مۆڵەتی دابێت بە پیاوەکە بۆ ئەوەی تەواوی خەرجییەکە دابین بکات، بەڵام پیاوەکە ئەو کارەی نەکرد، لەو حاڵەتەدا ئافرەتەکە بۆی هەیە داوای جیابوونەوە بکات.

 

 ئامادەکردنی: مژدە رحیم امین



بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر


بڵاوکراوەکان