1- بەوردی ناوەڕۆکی ئەو نوسراوەی کە ئیمزای لەسەر ئەکەیت بخوێنەوە لەبەرئەوەی ئیمزا نیشاندانی ڕەزامەندی تۆیە لەسەر ئەو نوسراوە لەکاتی دروستبوونی هەر کێشەیەکدا ئەوە بەهەند وەرناگیرێت کە بڵێیت ئاگاداری ناوەڕۆکی نوسراوەکە نەبووم، ڕۆژانە زۆرن ئەو هاوڵاتیانەی کە ئیمزا لەسەر چەندین بەڵگەنامە ئەکەن بەبێ خوێندنەوەی ناوەڕۆکەکەی کە ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە.
2 - هەرگیز نە ئیمزا بۆ کەس بکەوە نەبهێڵە هیچ کەسێک لەبری تح ئیمزا بکات، ڕۆژانە هاوڵاتیان لە فەرمانگەکاندا ڕووئەدات ئیمزا لە بری یەک ئەکەن هەرچەندە لەم حاڵەتەدا نیەتیان کارئاسانی و هاوکاری ئەو هاوڵاتیانەیە کە ڕوویان لە فەرمانگەکان کردووە بەڵام لە یاسادا ئەمە عوذر نیە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت بەوەی ئیمزا لە بری کەسێکی دیکە بکەیت.
3 - هەرگیز ئیمزا لەسەر وەرەقەی سپی مەکە ڕوو ئەدات لەکاتی ڕێکەوتن یان نوسینی گرێبەستێکدا پێش ئەوەی بابەتەکە بنوسرێت لایەنێک یان دوو لایەنەکە ئیمزا ئەکەن لەسەر وەرەقەیەک کە هیچی تیادا نەنوسراوە و دواتر ناوەڕۆکەکەی ئەنوسرێت، لەڕاستیدا ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و پێویستە تەواوی ناوەڕۆکەکەی بنوسرێت و بخوێنرێتەوە و پاشان ئیمزا بکرێت.
4 - کاتێک ئیمزا لەسەر نوسراوێک ئەکەی ورد بە لەوەدا کە پێویستە وشەکان بۆشایی لەنێوانیاندا نەبێ و هەروەها سەیری کۆتایی نوسراوەکە بکە کە پێویستە ئاماژەدرابێت بە کۆتایی هاتنی نوسراوەکە، بۆ ئەوەی مەجالی ئەوەی تیادانەبێت پاش ئەوەی تۆ ئیمزات کرد وشەیەک یان بابەتێکی دیکەی بۆ زیاد بکرێت، هەروەها هەوڵبدە ئیمزاکانت یەک جۆر بن و گۆڕانکاریان تیادا نەکەی وە هەروەها پێویستە ئیمزا لەسەروی ناوەکەی خۆتەوە بکەیت.
ئامادەکردنی: پارێزەر یادگار عبداللە
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر