ھەموو بەندکراوێک (سزادراوێک) جا گەوران بێت یان نەوجەوان مۆڵەتی هاتنە ماڵەوەی پێدەدرێت بەو مەرجەی عێراقی بێت و دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت لە چاکسازییەکانی هەرێمدا حوکم بەسەرببات.
ئەم مۆڵەتی ھاتنەماڵەوەیە بە چەند مەرج و ڕێنماییەک دەبێت کە ئەمانەن:
١- پێویستە سزادراو چارەکێکی ماوەی حوکمی لە چاکسازی بەسەربردبێت کە لە هەموو حاڵەتێکدا لە ساڵێک کەمتر نەبێت.
٢- پێکھێنانی لیژنەیەک لە (توێژەری کۆمەڵایەتی و یاسایی و ژمێریاری) بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی پێویست و پەسەندکردنی ڕاپۆرتەکە و ڕەزامەندی بەڕێوەبەڕ، کە ئەم لیژنەیە بڕی پارری بارمتە بەپێی جۆر و ماوەی سزاکە دیاری دەکەن.
٣- دانانی کەفیلێکی کەسی (شخصی) پەسەندکراو لەلایەن دادنوس، وە دانانی بارمتەی دارایی کە بریتی دەبێت لە پارەی کاش لە بانکێک بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ئەو شارەی کە چاکسازی لێیە کە لە بڕی ٥ ملیۆن کەمتر نەبێت و لە ٢٥ ملیۆن زیاتر نەبێت، یاخود گلدانەوەی خانوویەک کە نرخەکەی کەمتر نەبێت لە بڕی پارەی دیاریکراو، گەڕانەوەی بارمتەکە تەنها بە واژۆی بەڕێوەبەر دەبێت.
٤- ھەر سزادراوێک بە زیاتر لە سزایەک سزادرابوو و ئەگەر ئەو سزایە ڕێگربوو لە مۆڵەت وەرگرتن دەبێت یەکێک لە سزاکان تەواو بکات پاشان مۆڵەتی پێدەدرێت.
🔷 ماوەی مۆڵەتی ھاتنە ماڵەوە بەم جۆرەیە:
١- ماوەی مۆڵەتەکە نابێت لە ٥ ڕۆژ زیاتر تێپەڕبکات جگە لە ڕۆژانی چوون و هاتنەوە، هەر سێ مانگ جارێک ئەم مۆڵەتەی پێدەدرێت.
٢- ھەرمۆڵەتدراوێک دواکەوت لە گەڕانەوەی بۆ چاکسازی کە لە ٣ ڕۆژ تێپەڕنەکات، بۆ بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی هەیە ئەم ماوەیە بخاتە سەر ماوەکەی ئەگەر دڵنیابوو لە بوونی هۆی ڕاستەقینە بۆ دواکەوتنەکەی، ئەگەر دڵنیا نەبوو ئەوا ئەو ماوەیە دەخاتە سەر سزاکەی و مۆڵەت پێدانیشی بۆ ماوەیەک قەدەغە دەکات.
٣- ھەر سزادراوێک بۆ ٣ جار ھاتنەوەی لە مۆڵەت پێشێل کرد مۆڵەتی لێ قەدەغە دەکرێت بە یەکجاری.
ئامادەکردنی: پارێزەر پەرژین صباح رشید
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر