ئایا بە گوێرەی یاسا وتنی (سێ بە سێ تەڵاقدرای یان تۆ بە سێ تەڵاق تەڵاقدرای) پیاو چەند تەڵاقی دەکەوێت؟
بە گوێرەی مادەی (٣٧) لە یاسای باری کەسی ئەو تەڵاقەی کە مێرد بە یەکجار و بە یەک ڕستە و لە یەک مەجلیسدا سێ تەڵاقی ژنەکەی دەدات بە یەک تەڵاق ئەژمار دەکرێت.
_ واتە ئەگەر مێرد بۆ یەکەمجار بە هاوسەرەکەی بڵێت (تۆ تەڵاقدرای یان بە سێ بە سێ تەڵاقدرای) ئەوە بە یەک تەڵاق ئەژمار دەکرێت هەروەها دەتوانێت هاوسەرەکەی لە ماوەی (عدة) کە ٣ مانگە بگەڕێنێتەوە ئەگەر هاوسەرەکەی بەوە ڕازیبوو.
_ ئەگەر دوای گەڕانەوە و پێکهاتنەوەیان جارێکی دیکە مێرد بە هاوسەرەکەی بڵێت ( تۆ تەڵاقدرای یان سێ بە سێ تەڵاقدرای ) ئەوا بە تەڵاقی دووەم ئەژمار دەکرێت لەم حاڵەتەدا مێرد ناتوانێت هاوسەرەکەی بگەڕێنێتەوە تەنها بە گرێبەست و مارەیی تازە نەبێت.
_ ئەگەر بۆ جاری سێیەم مێرد بە هاوسەرەکەی بڵێت ( تەڵاقدرای یان سێ بە سێ تەڵاقدرای ) ئەوا بە تەڵاقی سێیەم ئەژمار دەکرێت و مێرد هەر سێ تەڵاقەکەی دەکەوێت، بۆیە مێرد ناتوانێت هاوسەرەکەی بگەڕێنێتەوە تاوەکو ژنەکە هاوسەرگیری نەکات لەگەڵ پیاوێکی دیکە و بەشێوەیەکی ڕاستی سەرجێی بکات پاشان بە هەر هۆکارێک بێت لە یەکدی جیاببنەوە، یاخود مێردەکە بمرێت و ماوەی (عدة) لە هەردوو حاڵەتەکەدا تەواو بێت.
ئامادەکردنی: پارێزەر نیاز مجید
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر