چی دەزانیت لە بارەی كۆمپیالەوە؟

2022-10-06 09:32:05


کۆمپیالە : بریتیە لە بەڵگەنامەیەکی نووسراو بەهۆیەوە کەسێک بەڵێن دەدات بەوەی کە بڕێکی دیاریکراو پارە بدات بە کەسێکی دیکە کە پێی دەوترێت (المستفید) لە بەروارێکی دیاریکراودا یان هەر کاتێک داوای بکات (حین الطلب).

 

بۆ ئەوەی کۆمپیالە شایستەی خەرجکردن بێت چەند مەرجێکی پێویستە کە دەبێت هەبێت بەم مەرجانە لە قەرزی ئاسایی جیادەکرێتەوە و دەبێت بە نوسراوێکی بازرگانی:

١_ دەبێت ناوەڕۆکەکەی بڕێکی دیاریکراو لە (پارە بێت).

٢_ نابێت هیچ مەرجێکی تێدابێت واتە شایستە بوون بە هیچ مەرجێکەوە نەبەسترابێتەوە.

٣_ دەبێت بەرواری شایستەبوون (تاریخ الاستحقاق)ی تێدابێت.

 

٤_ لەگەڵ چەند مەرجێکی دیکە کە دەبێت هەبێت تاوەکو ببێتە نوسراوێکی بازرگانی و شایستەی خەرجکردن بێت دەست بەجێ لە بەرواری شایستەبوونیەوە.

دەبێت تێیدا دەستەواژەی (التعهد) بەڵێن دان و دەستەواژەی (سند لأمر) و واژۆی نوسەرەکەی و .....هتد، هەبێت.

 

_ لەلایەن جێبەجێکاری داد (المنفذ العدل) جێبەجێ دەکرێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەرزکردنەوەی داوا هەبێت لە دادگای بەرایی، هەر کاتێک بەرواری شایستەبوونی هات، ئەو کەسەی کە کۆمپیالەکەی لایە تەنیا پێویستی بەوەیە بچێتە لای جێبەجێکاری داد و داوای جێبەجێکردنی بکات ئەگەر نوسەری کۆمپیالە ئامادە نەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات کە لە کۆمپیالەکەدا نوسراوە، بە بڕیاری جێبەجێکاری داد موڵک و ماڵی نوسەری کۆمپیالەکە حجز دەکرێت یان حەپس دەکرێت.

 

_ ئەگەر کەسێك کۆمپیالە بنووسێت دادگا هیچ ماوەیەکی وەکو دەرفەت پێنادات تاوەکو خۆی بۆ دانەوەی قەرزەکەی ئامادەبکات.

 

_ ئەگەر کۆمپیالەکە گەیشتە کاتی شایستەبوو (الاستحقاق) دەست بەجێ دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات کە لە کۆمپیالەکەدا نوسراوە، لە کاتێکدا بۆ قەرزدار دادگا ماوە دەدات بە قەرزدار بەپێی حاڵەتەکە تاوەکو بڕی قەرزەکە ئامادەبکات و بیداتەوە، هەندێ جاریش دەیکات بە قیست بەپێی جۆر و حاڵەتی قەرزدار و قەرزەکە، بەڵام بۆ کۆمپیالە بەم شێوەیە نیە.

 

ئامادەکردنی: پارێزەر احمد علی پالانی



بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر


بڵاوکراوەکان