شەرم کردن ڕەنگە لە ژیانی ئاسایی و لەهەندێک شت دا جوان بێت یان کێشە دروست نەکات بەڵام لەکاری پارێزەرایەتی دا نەک کێشە دروست دەکات بەڵکو بەربەستێکی گەورە لەڕێی دا دادەنێت، هەڵبەت جیاوازی شەرم و حەیا دەبێت بزانین و شەرم جیایە لە حەیاو ئابڕوو کە مرۆڤ لە هەر پلەو کارێک بێت حەیا جوانتری دەکات بەڵام قسەکەی ئێمە لەسەر شەرمە.
کە ڕەنگە لە پارێزەرایەتی دا بەتایبەت لەسەرەتاوە هەموومان ئەو “شەرم و دڵە خورپە و تێکچون و ڕەنگ پێوەنەمانەمان هەبووبێت“ بەتایبەت لە دادبینی و چوونە بەردەم دادگا و قسەکردنەکاندا کە ئەمە ئاسایی یە و تێدەپەڕێت ، ئەوەی کە ئاسایی نیە هاتنی ئەم شەرمەیە لەگەڵتدا بۆ تەواوی ڕۆژەکانی کارکردنت لەکاتێکدا تۆ ئەرکی سەرشانت هێندە قورسە نەک شەرم بەڵکو دەبێت شەڕی لەپێناودا بکەیت.
* باشترین ڕێگا چیە بۆ دەرچون لەشەرم !
1- نەترسان لە هەڵەکردن چونکە “سوار تا نەگلێت نابێت بە سوار “.
2-هەوڵدان بۆ کرانەوە لەگەڵ پارێزەرانی دیکە و شت لێفێربونیان.
3- ئامادەبوونی دادبینی و دادگاییەکان بۆ ترس شکان و چاوکرانەوە.
4- هەوڵدان بۆ چوونە لای دادوەرە بەڕێزەکان و خۆپێناساندنیان تا شەرمت لێیان وەک دادگا بشکێت.
5- دروستکردنی قەڵغانی متمانە بەخۆبوون و سوود وەرگرتن لەهەڵەکان.
6- پرسیارکردن و زانیاری وەرگرتن لەسەر کارەکانت تا پڕ چەک بیت بە زانیاری و نەزانین توشی شەرم و ئیحراجیت نەکات.
7- بە ئاسایی وەرگرتنی شتەکان و شۆک نەبوون بە بینینی خەڵک و دادگا و لایەنەکان بە جۆرێک وا بزانیت کەس سەیری تۆ ناکات و خەیاڵت بۆلایان نەڕوات.
▫️ لە هەمووی گرنگتر خۆ یەکلایی کردنەوەیە بۆ کارەکە تا بتوانی بە ئاسانی بەسەر بەربەست و ترس و شەرمەکان دا زاڵبیت.
ئامادەکردنی: پارێزەر / شاڵاو ابوبکر علی
بڵاوکراوەتەوە لە لایەن :
پڕۆژەی پارێزەر